عێراق زیاتر له‌ 37 ملیار دۆلاری ده‌ستكه‌وتووه‌

كوردستان ئەمساڵ چه‌ند بەرمیل نه‌وتی هه‌نارده‌ كردووه‌؟

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

روانگەی ئیکۆ عێراق رایگەیاند، بەهای هەناردەی نەوتی خاوی عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 37.390 ملیار دۆلار له‌ نۆ مانگی ئه‌مساڵدا، کە دەکاتە 533.460 ملیۆن بەرمیل هەناردەکراوە، لەناویاندا 25 ملیۆن بەرمیل لە هەرێمی کوردستانەوە بووه‌.

لە راگه‌یاندراوێكدا رۆژنامەوانیدا، روانگەکە ئاشكرای كردووه‌، بەڵگەنامەیەکی فەرمی کە لەلایەن رێکخراوی بەبازاڕکردنی نەوتی دەوڵەتی عیراق (سۆمۆ) دەرچووە و ئاراستەی پەرلەمان کراوە، داتای هەناردەکردنی نەوت و بەهای داراییەکەی لە مانگی یەک تا ئەیلولی 2026 لەخۆگرتووە.

بەڵگەنامەکە دەریخستووە کۆی بڕی هەناردەکراو گەیشتووەتە  533.459.327 به‌رمیل، پاره‌كه‌شی 37 ملیار و 388 ملیۆن و 384 هه‌زار و 828 دۆلاره‌.

روانگەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو پارەیەی لە هەژماری بانکی ناوەندی عێراقدا دانراوە بۆ هەمان ماوە، 33 ملیار و 511 هەزار و 194 هەزار و 387 دۆلار بووە.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، “ئەو بڕە نەوتەی لە بەندەری جەیهانی تورکیاوە پەمپ کراوە لە هەمان ماوەدا بریتی بووە لە:

– نەوتی باکوور: 50,757,644 بەرمیل، بە تێکڕای رۆژانە نزیکەی 188,000 بەرمیل.

– نەوتی هەرێمی کوردستان: 25,095,454 بەرمیل، بە تێکڕای رۆژانە نزیکەی 93 هەزار بەرمیل.

روانگەکە جەختی لە “گرنگی بەرزکردنەوەی شەفافیەت لە بڵاوکردنەوەی داتاکانی هەناردەکردنی نەوت و داهاتەکانیان کردەوە، بۆ دڵنیابوون لەوەی بڕی هەناردەکراو هاوتای داهاتی دارایی بێت”.