بەردەڕەشییەکان کارەبای 24 کاتژمێر رەت کردەوە

+964
زەید کۆچەر – دهۆک

بەهۆی ئەوەی نرخی ئەمپێڕی کارەبای مۆلیدەیان زۆر بۆ دێتەوە، دانیشتوانی قەزای بەردەڕەش نیگەرانییان دەربڕی و ئیدارەی شارەکەش کارکردنی مۆلیدەکانی کەم کردەوە.

لە قەزای بەردەڕەش بەرنامەی پێدانی کارەبا بە جۆرێکە، هەرکاتێک کارەبای نیشتیمانی ببڕێت پێویستە مۆلیدەکان کار بکەن و بەوەش کارەبای 24 کاتژمێرییان هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی مانگی رابردوو بۆ هەر ئەمپێڕێک کارەبا بڕی 19هەزارو 500 دیناریان داوە، ئێستا داوا دەکەن کە کارەبای 24 کاتژمێرییان ناوێت.

ئەیوب گۆران، هاووڵاتییەکی دانیشتووی بەردەڕەشە دەڵێت: نرخی کارەبای مۆلیدە زۆرە زۆرە، چونکە خەڵکێکی زۆر هەیە بۆی نادرێت.

لە سەنتەری قەزای بەردەڕەش زیاتر لە 90 هەزار کەس لێی نیشتەجێیە و 25 مۆلیدەی ئەهلیش بوونیان هەیە.

 ئەرشەد محەمەد عەلی، بەڕێوەبەری کارەبای بەردەڕەش بە +964ـی وت: دوای ناڕەزایەتیی هاوڵاتیان بڕیارمان دا کارەبای مۆلیدەکە کەم بکەینەوە.

بەرنامەکە نوێیەکە بە جۆرێکە بەیانیان کاتژمێر شەش تا هەشت کارەبا دەدرێت و ئێوارانیش کاتژمێر سێ بۆ یەکی شەو، هەرکاتیش کارەبای نیشتیمانی بڕا ئەوا مۆلیدەکان کار دەکەن.

خاوەن مۆلیدەکانیش بە کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا رەزامەندن. 

یوسف ئەکرەم، خاوەنی یەکێک لە مۆلیدەکانی ناو قەزای بەردەڕەش بۆ +964ـی روونکردەوە، ئەگەر بڕیاری کەمکردنەوەکە نەدرایە ئەم مانگە نرخی ئەمپێڕێک کارەبا دەچووە 22 هەزار دینار.

قەزای بەردەڕەش، سەر بە پارێزگای دهۆکە، سێ ناحیە و 106 گوندی لەسەرە.

“کەمکردنەوەی کاتژمێری کارەبای مۆلیدە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە و خاوەن مۆلیدەکانیش رەزامەندن”، یوسف ئەکرەم وای وت.