دیمەنێک لە کۆلێژێکی دهۆک. فۆتۆ: 964
هەفتەی داهاتوو
خوێندکارانی زانکۆی دهۆک گیرفانیان گەرم دەبێتەوە
+964
زەید کۆچەر-دهۆک
زانکۆی دهۆک رێکارەکانی دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکارانی دەستپێکردووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی بکرێت، بە نیازیشە لەمەودوا بیکاتە مانگانە دوو جار.
ئەم دەرماڵەیەی بڕیارە دابەش بکرێت هی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی خوێندنی 2022-2023یە و دەمێکە خوێندکاران لە چاوەڕوانیدان، پرۆسەکە بەردەوامە و ناوی خوێندکاران نێردراوە بۆ بانکەکان.
مەروان فندی، بەڕێوەبەری ژمێریاری لە زانکۆی دهۆک بە 964ی وت، “بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەرماڵەکە بە خوێندکاران بدرێت، بۆیە لەلایەن بانکەکانی پارێزگای دهۆکەوە ئاگادار کراینەوە خشتەی ناوی خوێندکاران بنێرین، تا ئامادەکارییەکان ئەنجام بدەن.
وتیشی، “هەوڵدەدەین لەمەودوا لە مانگێکدا دوو دەرماڵە دابەش بکەین، چونکە لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانیدا چەند دەرماڵەیەک دابەشکراوە و لە دهۆک نەکراوە”.
16 هەزار خوێندکارلە زانکۆی دهۆک دەرماڵە وەردەگرن، 11 هەزاریان خوێندکاری ناوشارن و دەرماڵەکەیان 40 هەزار دینارە و 5هەزاریشیان هی دەرەوەی شارن کە دەرماڵەکەیان 60 هەزارە.
پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین