گوندی 100 ماڵی بووەتە چەند ماڵێک

گوندەکانی پشدەر روویان لە چۆڵبوونە

964+

محەمەد عەلی ـ پشدەر

گوندەکانی پشدەر روویان لە چۆڵبوونە و بۆ ئەمەش گوندنشینان هۆکارەکەی دەگێڕنەوە بۆ کەمی خزمەتگوزاری و نەبونی هەلی کار لەگوندەکاندا.

لەماوەی 15ساڵی ڕابردودا دانیشتوانی گوندەکانی پشدەر بۆ نیوە کەمی کردووە،

حوسێن ئەحمەد دانیشتویەکی گوندی گەناوە لە پشدەر بە 964ـی وت، ساڵانی ڕابردوو گوندەکەيان نزیکی 70 ماڵی لێبووە بەڵام ئێستا کەم تر10ماڵی لێماوە، بۆ هۆکارەکەشی وتی “ئاوڕ لەگوندەکان نەدراوەتەوە، بەتایبەت لەڕوی خزمەتگوزاری وەک ڕێگاوبان و قوتابخانەو بکەی تەندروستی و کارەبا”

بەقسەی ئەم هاوڵاتییە کارو کەسابەتی وەک پێویست لە گوندەکان نەماوە ئەوەی دەستیشیان دەکەوێت پێی ناژین، بە ناچاری کۆچ دەکەن بۆ شار.

بەکر بایز قایمقامی پشدەر بە 964ـی وت، هەرچەندە لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی1991وە، ئەو گوندانەی رژێمی بەعس ڕایگواستبون و کاولی کردبون ئاوەدان کرانەوە، بەڵام لەوکاتە بەدواوە بە دیاریکراوی لەدوای روخانی ڕژێمی بەعس بەهۆی نەبونی پلانێکی تۆکمە، گوندنشینانی پشدەر روویان لەشارەکان کرد.

وتیشی “لەپاڵ کەمی خزمەتگوزاری پێویست لە گوندەکانی پشدەر و ساغ نەبونەوەی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان و ئاژەڵیەکانیان، یەکێکی تر لەو هۆکارانە بوو کە بۆ دەستخستنی هەلیکار بۆ بژێوی ژیانیان  ڕوویان لەشارەکان کرد”.

قایمقامی پشدەر، ئاشکراشی کرد لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردودا دانیشتوانی پشدەر بۆ نیوە کەم ببنەوە “بە جۆرێک گوند هەیە جاران 100ماڵی تێدا بووە، بەڵام ئێستا چۆڵ بوە یان چەند ماڵێکی کەمی لێماوە”.

قەزای پشدەر لە پێنج ناحیە و 263 گوند پێکهاتووە، دانیشتوانەکەشی نزیکی 183 هەزار کەسە.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن

ئایا 98%ی گەنجانی دوو گوندی راپەڕین كۆچیان کردووە؟

ئایا 98%ی گەنجانی دوو گوندی راپەڕین كۆچیان کردووە؟