ساغکردنەوە
ساغکردنەوەی دەنگۆ
ئایا 98%ی گەنجانی دوو گوندی راپەڕین كۆچیان کردووە؟
964+
ژێوار خدر – راپەڕین
لە چەند رۆژی رابردوودا لە سنوری ئیدارەی راپەڕین ئامارێک بڵاوکراوەتەوە، گوایە %98ـی گەنجانی هەردوو گوندی قوڕەگۆ لە رانیە و گوندی سوڵتانەدێ لە پشدەر کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات و ژمارەی گەنجەکانیان کەم بووەتەوە.
964 بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەتە كرد و دەركەوت ئەم ئامارە دوورە لە راستییەوە.
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، بە 964ی وت، “ئەم ئامارەیان بینیووە، بەڵام دوورە لە راستییەوە و بەهیچ شێوەیەک درووست نییە”.
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان وتیشی، “ئەم گوندانە زۆر بچوکن و هاوڵاتیان زیاتر بۆ مەبەستی ئاژەڵداری رووی تێدەکەن، بۆیە بەهیچ شێوەیەک رێژەیەکی ئەوەندە زۆر گەنجی تێدا نیە تاوەکو داتایەکی وای تێدا بخرێتە روو”.
بەکر عەلی دەڵێت، بەراورد بە ساڵی رابردوو، رێژەی کۆچکردن لە دەڤەری راپەڕین زیادی کردووە، بەڵام دەڵێت، “ئامارەكەی تایبەت بەم دوو گوندە هیچ بنەمایەكی نییە”.
