له سلێمانی سه‌ره بۆ وه‌رگرتنی غاز گیراوه
“غازمان نییه و شوكری خوا ئه‌كه‌ین”
دیلان محه‌مه‌دجه‌زا
ئه‌م به‌یانییه هاوڵاتیانی سلێمانی له چه‌ند گه‌ڕه‌كێك بۆ وه‌رگرتنی غاز بوتڵه‌كانیان هێناوه‌ته سه‌ر جاده و دوو سه‌عاته چاوه‌ڕێن، به‌ڵام تا ئاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه سه‌یاره‌ی غازه‌كه نه‌هاتووه.
به‌پێی پرسیاری 964 له فرۆشیاران، نرخی غاز له بازاڕ گه‌یشتووه‌ته 30 هه‌زار دینار، ئه‌مه‌ش له توانای به‌شێكی زۆری هاوڵاتیاندا نییه.
هاوڵاتییه‌كی سلێمانی بۆ 964 قسه‌ی كرد و رایگه‌یاند، مانگێكه غازیان وه‌رنه‌گرتووه و ئێستاش هاتووه سه‌ره‌ی گرتووه و چاوه‌ڕێی ترومبێلی غازه‌كه ده‌كات، به‌ڵكو ئه‌وه خوایه و بوتڵێكی ده‌ستكه‌وێت.
وتیشی، چی بكه‌ین ئه‌گه‌ر نه‌شبێ شوكری خوا ده‌كه‌ین.
هه‌رچه‌نده قایمقامی سلێمانی له رۆژانی رابردوو بۆ 964 قسه‌ی كرد و چاره‌سه‌ربوونی كێشه‌ی غازی به رێژه‌یه‌كی به‌رز دووپاتكرده‌وه، به‌ڵام دیاره هێشتا كێشه‌كه به ته‌واوی چاره‌سه‌ر نه‌بووه.
حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاری داوه له رێگه‌ی كۆبۆنه‌وه مانگانه دوو بوتڵی غاز بداته به هه‌ر خێزانێك، به‌ڵام ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش هێشتا به باشی به‌ڕێوه‌ناچێ و هاوڵاتیان به ئاسانی ده‌ستیان به غاز ناگات.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا