حکومەتى عێراق

لە هێرشەکەى شەوى رابردوو 16 کەس کوژراون

964+

وریا فەتاح

حکومەتی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی شەوی رابردووی ئەمریکا بڵاوکردەوە و ئاشکراى کرد کە لە هێرشەکاندا 16 کەس کوژراون و 25 کەسى دیکەش بریندار بوون.

باسم عەوادى، وتەبێژی حکومەتی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی شەوی رابردووی ئەمریکا بڵاوکردەوە دەڵێت: ئیدارەی ئەمریکا دەستدرێژییەکی نوێی بۆ سەر سەروەری عێراق ئەنجامدا، بەو پێیەی شوێنی هێزە ئەمنییەکانمان لە ناوچەی عەکاشات و قائیم بۆردومانکراوە، ئەوە جگە لە شوێنە مەدەنییەکان کە لەلایەن چەند فڕۆکەیەکی ئەمریکییەوە بۆردومان کراون.

“لە هێرشەکانى شەوى رابردوى ئەمەریکادا لە عێراق، 16 کەس کوژراون کە خەڵکى مەدەنیان تێدابووە، هەروەها 25 کەسى دیکەش بریندار بوون و زیان بەر بیناى نیشتەجێبوون و ماڵى هاوڵاتیان کەوتووە”، وتەبێژى حکومەتى عێراق وا دەڵێت.

لەبارەى ئاگادارکردنەوەى حکومەتى عێراق لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە، حکومەتى عێراق دەڵێت: لایەنی ئەمریکی پاش هێرشەکە بە ئەنقەست راستییەکانی شێواند گوایە هەماهەنگی لەگەڵ کردووین بۆ ئەم کارە دوژمنکارانەیە، ئەمەش بانگەشەیەکی درۆیە بۆ شێواندنی رای گشتی جیهانی و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی یاسایی ئەم تاوانە.

حکومەتى عێراق وێڕاى جەختکردنەوە لەوەى کە نابێت خاکى وڵاتەکەى ببێتە گۆڕەپانى یەکلایى کردنەوەى ململانێکان، ئاماژەى بەوەشکردووە، وڵاتەکەیان خاوەن سەروەرییە و ناکرێت ببێتە شوێنێک بۆ ناردنى پەیام و نیشاندانى هێز لە نێوان نەیارەکاندا.

شەوى رابردوو لە عێراق و سوریا چی روویدا؟

شەوى رابردوو لە عێراق و سوریا چی روویدا؟