پسپۆڕێک وەڵام دەداتەوە
هۆکاری زیادبوونی جەڵتەی مێشک لەناو گەنجان چییە؟
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
پزیشکێکی پسپۆڕ لە سلێمانی دەڵێت، جەڵتەی مێشک لە رابردوودا تایبەت بوو بە کەسانی بەتەمەن، بەڵام ئێستا تێبینی کراوە تۆمارکردنی حاڵەتەکان لەناو گەنجانیش زیادیان کردووە.
د.زانا عەبدولرەحمان پسپۆڕی مێشک و دەمار بە 964 وت، هۆکارەکانی تووش بوون بە جەڵتەی مێشک فرە رەهەندن و لە سەرجەم تەمەنەکاندا روودەدەن، بەڵام زۆربەیجار لە کەسانی بە تەمەن روودەدات، ئەوەی تێبینی کراوە ئێستا لەناو گەنجانیش جەڵتەی مێشک زیادیان کردووە.
ئەوەشی وت، ئامارێکی دروست لەبەردەست نییە پێمان بڵێت جەڵتەی مێشک لەناو گەنجان چەندە، بەڵام ئەوەی تێبینی کراوە رێژەیەکی بەرچاوی گەنجان دەگەیەنرێنە نەخۆشخانەکان بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە.
بەوتەی د.زانا عەبدولرەحمان، ئێستا لایف ستایلی گەنجان تێکچووە، شەوان درەنگ خەوتن و لە شەوێکی درەنگدا نان خواردن وا دەکات کاتژمێری بایۆلۆجی کەسەکە تێک بچێت، دووکەڵ بە هەموو جۆرەکانییەوە یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی توشبوون بە جەڵتەی مێشک، بەڵام هۆکارە سەرەکیەکە سترێسە بە راستەخۆ و نا راستەوخۆ دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی شەکرە و چەوری و فشاری خوێن.
سامان شێخ لەتیف وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بە 964 وت، بە تەنیا لە مانگی یەکی ئەمساڵدا 277 کەس لەتەمەنی جیاواز، بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە لە نەخۆشخانەکان ناویان تۆمارکراوە، بەڵام جیا نەکراوەتەوە کە چەند لەوانە گەنجن و چەندی تر بە تەمەنن.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی