وێنەیەکی گرافیکە، لە شێوەی خانەیەکی شێرپەنجە دیزاین کراوە
بەپێی لێکۆڵینەوەی سەنتەرێکی فەرەنسی
تا ساڵی 2050 ژمارەی توشبوانی شێرپەنجە لە جیهان دەبێتە چەند؟
سۆما حەکیم زادە
سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی شێرپەنجە پێشبینی دەکات تا ساڵی 2050 ژمارەی توشبوانی شێرپەنجە لە جیهان بەراورد بەم ساڵانە بە رێژەی 77% بەرزبێتەوە.
بارەگای سەنتەرەکە لە شاری لیۆنی فەرەنسایە و بەشێکە لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئاماژەی بە جگەرە و کحول و قەڵەوی و پیسبوونی هەوا کردووە وەک هۆکارەکانی زیادبوونی شێرپەنجە.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی رۆژی 4ی شوباتی هەموو ساڵێکی وەک رۆژی جیهانی شێرپەنجە ناساندووە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ساڵی 2022-دا، 20 ملیۆن حاڵەتی نوێی تووشبوون بە شێرپەنجە دەستنیشانکراون و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2050 ژمارەکە بۆ 35 ملیۆن لە ساڵێکدا زیاد بکات.
بەپێی توێژینەوەکان، لەهەر پێنج کەس یەکێکیان تووشی شێرپەنجە دەبێت و لە هەر نۆ پیاو یەکێک و لە هەر 12 ژن یەکێک بەهۆی شێرپەنجەوە گیانلەدەستدەدات.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە شێرپەنجەی سییەکان لە ساڵی 2022-دا بڵاوترین جۆری بووە لە جیهاندا، بەو پێیەی دوو ملیۆن و نیو حاڵەت تۆمارکراوە، کە دەکاتە رێژەی %12.4ی کۆی تووشبوان.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی