پێشنیاری چییان بۆ کردوون؟

کار بۆ زیادکردنی بەرهەمی ماسی لە ئاوی دوکان دەکرێت


دیلان محەمەد جەزا

بەهۆی کەمبوونەوەی ماسی، چەند هاوڵاتیەک داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ دانانی شوێنی بەخێوکردنی ماسی لە دەریاچەی دوکاندا، پێشیان وتراوە بە هاوبەشی لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە پرۆژه‌كان بە ئەنجام بگەیەنن.

سەردار جەلال فرۆشیاری ماسییه‌ و بە 964 وت، داوایان لە لایەنی پەیوەندیدار کردووە رێگەیان پێبدەن شوێنی ماسی بەخێوکردن لە دەریاچەی دوکاندا دابنێن، بۆ ئەوەی بتوانن ماسی بەرهەم بهێنن.

باسی لەوەش کرد، پێیان وتوون، ئه‌گه‌ر دەیانەوێت ماسی لە دەریاچەی دوکاندا بەخێو بکەن، بە بەشداریی خەڵکی نزیک لە دەریاچەکە پڕۆژەکەتان دروست بکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، مەبەست لە دروستکردنی پڕۆژەی ماسی لە دوکان بۆ دابینکردنی بەرهەمی ماسییە و رێگریكردنه‌ لە گرانبوونی.

سەڵاح مەجید سەرۆکی کۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی بە 964 وت، چەند هاوڵاتییه‌ك سەردانیان کردوون بۆ دانانی پڕۆژەی ماسی لە ئاوی دەریاچەی دوکاندا، به‌ڵام بۆ ئەوەی دوور بن لە کێشە لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە، پێشنیاریان بۆ كردوون بە هاوبەشی لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە بە ئەنجامی بگەیەنن، یان هەلی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە بڕه‌خسێنن.

وتیشی، بە پێی رێنمایی ژمارە نۆی ساڵی 2021 ئەو کەسەی دەیەوێت قەفەسی ماسی دابنێت لە ئاوی دەریاچەی دوکاندا، پێویستە نووسراوێک بداتە بەڕێوەبەرایه‌تیی کشتوکاڵی دوکان و دوای تەواو بوونی مامەڵەکانی، رێگەپێدانی بۆ دەکرێت.

ئاشكراشی كرد، ئێستا لە دەریاچەی دوکاندا نۆ قەفەسی بەخێوکردنی ماسی هەیە و لە دەریاچەی دەربەندیخانیشدا دوو دانە هەیە و ماسی جۆری كاربی تێدا بەخێو دەکرێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا