سەرچاوەیەک بۆ 964:
کەسێک بە حەوت چەقۆ کوژرا
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
کەمێک پێش ئێستا لە کۆمەڵگەی مسیریک لە ئەنجامی شەڕێکدا لە نێوان دوو کەس، یەکێکیان بە چەقۆ کوژرا و ئەوەی دووەم بریندار بووە.
بەپێی زانیارییەکانی 964 هۆی شەڕەکە ئەوە بووە، بنەماڵەی هەردوولا پێشتر نێوانیان تێکچووە و لە کۆنەوە کێشەیەکی کۆمەڵایەتییان هەبووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رووداوەکە بە 964ی وت، شەڕ لە نێوان دوو کەس لە دوو بنەماڵەدا روویداوە، یەکێکیان خەڵکی کۆمەڵگەی مسیریکە و ئەوەیتر خەڵکی شەنگالە.
وتیشی، ئەوەی خەڵکی مسیریکە بریندارە، بەلام خۆی نزیکەی زیاتر لە 7 چەقۆی لەو کەسەی خەڵکی شەنگال داوە و گیانی لەدەست داوە، کە تەمەنی لە نێوان 35-40ساڵە و رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراوە.
ئەم سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، نازانریت هۆی سەرەکی شەڕەکە بە وردی چی بووە، بەڵام بە پێی قسەی دراوسێیەکانیان، کە لە شوینی رووداوەکە بوون، لەسەر کێشەی کۆنی کۆمەڵایەتی نێوانیان بووە.
964 هەوڵی دا پەیوەندی بە پۆلیسی ناوچەکە بکات، بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو.