وەزارەتی داد راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە؛

ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی خێراییەکی زۆرەوە خۆی بە ئۆتۆمبێلەکەی خالید شوانی دا کێشاوە

فەرهاد حەسەن

وەزارەتی دادی عێراق، راگەیەندراوێکی فەرمی لەبارەی ئەو رووداوە هاتوچۆیە بڵاوکردووەتەوە کە رووبەڕووی د، خالید شوانی وەزیری داد بوبووەوە، وردەکارییەکەی باسدەکات.

بەپێێ راگەیەندراوەکە، رووداوەکە شەوی رابردوو لە کاتژمێر 9:30 خولەک لەسەر رێگای خێرای قادسیە بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد روویداوە، دکتۆر خالید شوانی، وەزیری داد و زیاد تەمیمی، بریکاری باڵای وەزارەتەکەی لەگەڵ بووە.

ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە جۆری “لاندرۆڤەر” بە خێراییەکی زۆرەوە خۆی بە ئۆتۆمبێلە حکومییەکەی وەزیردا داوە کە لە جۆری “تاهۆ” بووە و خودی وەزیر خۆی لێی خوڕیوە.

وەزارەتی داد ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی هێڵکاریی فەرمیی پۆلیسی هاتووچۆ، شۆفێری ئۆتۆمبێلە مەدەنییەکە بە رێژەی 100٪ بەرپرسیار بووە لە رووداوەکە، هۆکارەکەشی بۆ خێراییەکی ئێجگار زۆر و پابەندنەبوون بە یاسا و رێساکانی هاتووچۆ” گەڕێندراوەتەوە.

بەپێی راگەیەندراوەکەدا وەزیری داد و بریکاری وەزارەت بە سەلامەتی لە رووداوەکە رزگاریان بووە و هیچ “زیانێکی گیانی یاخود برینداری” تۆمار نەکراوە، تەنیا زیانی ماددی بەر هەردوو ئۆتۆمبێلەکە و پەرژینی سەر شەقامەکە کەوتووە.

لە ئێستادا، شۆفێری ئۆتۆمبێلە لاندڕۆڤەرەکە دەستبەسەر کراوە بۆ گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان بەرامبەری.