لە بەغدا

بەتۆمەتى بەعسى بوون 18 کەس خرانە زیندانەوە

وریا فەتاح

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڵاوی کردەوە، دادگای تاوانەکانی کەرخ سزای زیندانیکردنی بەسەر 18 کەسدا سەپاندووە، بە تۆمەتی ئەندامبوون و بانگەشەکردن بۆ حزبی بەعسی قەدەغەکراو.

لە راگەیەندراوى ئەنجومەنەکەدا هاتووە، “ئەمڕۆ سێشەممە، دادگای تاوانەکانی کەرخ بڕیاری سزای زیندانیکردنی تووندی بۆ ماوەی 3 ساڵ بەسەر 18 تاوانباردا دەرکردووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە ئەو کەسانە ئەندام بوون و بانگەشەیان بۆ بیرۆکەکانی حزبی بەعسی قەدەغەکراو کردووە.”

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو تاوانبارانە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بەکارهێناوە بۆ گرتنەخۆی بیرۆکەکان و بانگەشەکردن بۆ ئەو حزبە هەڵوەشاوەیە.

سەبارەت بەو بنەما یاساییانەی کە سزاکەی لەسەر دراوە، روون کراوەتەوە کە بڕیارەکە پاڵپشت بە بڕگەکانی ماددەی 10 لە یاسای قەدەغەکردنی حزبی بەعس و قەوارە و حزب و چالاکییە ڕەگەزپەرست و تیرۆریستی و تەکفیرییەکان (ژمارە 32ی ساڵی 2016) دەرچووە، ئەوەش بەپێی ماددەکانی بەشداریکردن کە بریتین لە (47، 48 و 49) و بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ماددەی (132 / 3) لە یاسای سزادانی عێراقی.