رووداوێکی سەختی هاتوچۆ بوو
لەسەر رێگایەکی گشتی حەسەکە ماتۆڕسوارێک گیانی لەدەستدا
فەرهاد حەسەن
بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگای گشتی “جل ئاغا” لە شاری حەسەکەی رۆژیاوای کوردستان گەنجێک گیانی لەدەستدا.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ترافیک لە پارێزگای حەسەکە بڵاویکردەوە، رووداوەکە کەمێک پێش ئێستا لە نێوان بارهەڵگرێکی مامناوەند و ماتۆڕسکیلێکدا روویدا و بەهۆیەوە شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیارییەکانی هاتووچۆ، هۆکاری رووداوەکە بۆ خێرایی زیاد لە پێویست و سەرپێچی لە یاساکانی هاتووچۆ دەگەڕێتەوە، بەتایبەت بەهۆی دڵنیانەبوونەوەی یەکێک لە لایەنەکان لە چۆڵبوونی رێگاکە پێش پەڕینەوە، کە بووەتە هۆی پێکدادانی راستەوخۆ.
هاتوچۆی حەسەکە دەڵێت، دوای رووداوەکە، مەفرەزەکانی هاتووچۆ گەیشتنە شوێنی مەبەست و دەستیان بە رێکخستنەوەی جووڵەی ئۆتۆمبێلەکان کرد بۆ ئەوەی رێگری لە دروستبوونی قەرەباڵغی بکەن، رێکارە یاساییەکانیشیان بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی حەسەکە، هۆشداری دەداتە شۆفێران و داوایان لێدەکات پابەندی یاساکانی هاتووچۆ بن، خێراییەکانیان کەم بکەنەوە و مافی لەپێشینە بدەنە ئەو شۆفێرانەی شایستەن، پێشیان دەڵێت، پێش چوونە ناو هەر شەقامێکی سەرەکی یاخود پەڕینەوە، بە تەواوی دڵنیابن لە چۆڵبوونی رێگاکە، ئەمەش لەپێناو پاراستنی گیانی خۆیان و هاوڵاتیان.