کۆنگرەى رۆژنامەوانى راهێنەر و یاریزانى هەڵبژاردەى ئوردن بۆ رووبەڕووبونەوەى هەڵبژاردەى عێراق
بە ترسەوە
ئوردن هەڕەشە لە عێراق دەکات
964+
وریا فەتاح
راهێنەرى هەڵبژاردەى ئوردن هەڕەشە لە عێراق دەکات و دەڵێت: هەرچەندە عێراقییەکان تیپێکى رێکخراو و سەختن، بەڵام خواستى ئێمە سەرکەوتنە بەسەریاندا.
بڕیارە سبەینێ دووشەممە، کاتژمێر 2:30 خولەک، لە قۆناغى 16ى جامى ئاسیا، عێراق و ئوردن رووبەڕووى یەکترى ببنەوە، لە کۆنگرەى رۆژنامەوانى پێش یارییەکە، حوسێن عموتەى راهێنەرى ئوردن وتى،”هەڵبژاردەی عێراق تیپێکی شەڕکەر و رێکخراو و سەختن، بەڵام بەباشى خۆمان ئامادەکردووە بۆ شکستپێهێنانیان و سەرکەوتن بۆ قۆناغى هەشت”.
ئاشکراشى کرد، یاریزانەکان بڕیاریانداوە، سەرکەوتن بەسەر عێراقدا بنوسنەوە و بچنە قۆناغى داهاتوو.
راهێنەرەکەى ئوردن ترسى هەڵبژاردەى عێراقى پێوەدیارە، هەربۆیە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا داواى لە یاریزانەکانى کرد، خۆیان لە دەنگۆکان و سۆشیال میدیا بەدوور بگرن و بیرکردنەوەکانیان سەرقاڵ نەکەن و سەرنجی تەواویان لەسەر ئامانجەکە بێت.
لە وەڵامى ڤیتال بۆرکێلمانسى راهێنەرى پێشوى ئوردن کە وتبووى،”خواستی ئوردنییەکان لە قۆناغی 16 تێناپەڕێت”، راهێنەرەکەى ئێستاى ئوردن دەڵێت: خواستی ئێمە ئەوەیە بگەینە دوورترین خاڵ، ئەوە راست نییە کە دەڵێن خواستى ئێمە قۆناغى 16ـەیە.
لای خۆیەوە، نزار رەشدان، یاریزانی هەڵبژاردەی ئوردن لە کۆنگرەکەدا بەشدارى کرد و وتى،”یارییەکە بۆ هەردوولا قورسە، ئێمەش ئامادەین بلیتی داهاتوو بەدەستبهێنین و هاندەرانمان دڵخۆش بکەین”.