دیمەن لە ئەرشیفی گردبوونەوەی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی _ وێنە: 964
ئاسان تێنەپەڕی
مامۆستا “غیاب” دراوەکان سکاڵا لە دژی پەروەردەکانیان تۆماردەکەن
ئەحمەد مستەفا
بە گوێرەی سۆراغی 964، سبەی یەکشەممە 28.1.2024 یەکەم رۆژی کرانەوەی دەوامی هەفتانەی فەرمانگەکان، بە تۆمارکردنی سکاڵای بەشێک لە مامۆستایان دەستپێدەکات لە دژی بەڕێوەبەری پەروەردەکانیان.
ئەو مامۆستایانەی سکاڵا تۆماردەکەن، ئەوانەن کە لیژنەکان سەردانی قوتابخانەکانیان کردووە یان بەڕێوەبەری پەروەردەکان لەسەر نووسراوی بەڕێوەبەری قوتابخانەکان کە ئامادەییان نەبووە سزایان داون، سبەی ئەوانیش دژ بە هەژمارنەکردنی “ماوەی نەهاتن بۆ قوتابخانەوە و بێ بەشبوونی ئەو رۆژانە لە ماوەی خزمەتییان”، سکاڵا تۆماردەکەن.
لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین و هەندێک لە قەزا و ناحیەکان، نووسراوی سزادانی مامۆستایان بینراون، کاروخ عومەر مامۆستایەکی ناڕازییە لە گەرمیان ئەمڕۆ شەممە 27.1.2024 ئەو بە 964ی وت، ئەوەی کراوە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتە، بەشێک لە پەروەردەکان بێ ئەوەی ناو بەرزکرابێتەوە بۆیان سزای مامۆستاکانی دراوە، ئێمە سبەی لە دادگای کەلار سکاڵا لەسەر بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار تۆمار دەکەین.
مامۆستاکان هەماهەنگییان لەگەڵ ناوچەکانیی دیکە هەیە، بەوتەی ئەو مامۆستایە بێت، “ئەو سزادانەی لە دژی ئەوان واژۆی بۆ کراوە، هیچ قورساییەکی یاسایی نییە، بگرە پێشێلکردنی مافە لە کاتێکدا ئەوان بۆ موچە لەسەر شەقام بوون، بۆیە بە تەواوی سزادانەکە رەتدەکەنەوە و لە ئەگەری بردنەوەی داوای قەرەبوو دەکەنەوە”، جیاواز لەو داواکارییانەی هەیانبووە.
964 دەزانێت، مامۆستاکان دەیانەوێت لە ئالیەتی سکاڵا تۆمارکردنەکە دڵنیا ببنەوە، کە ئایا لە دادگای تایبەتمەندی ئیداری بێت یان ئاسایی، یان ئەو دادگایانەی لە ناوچە جیاوازەکان و بەپێی تایبەتمەندێتی سکاڵا وەردەگرن، بۆ ئەمەش پرسیار لە چەند پسپۆرێکی یاسایی کراوە.