دوای دەستپێکردنەوەی خوێندن
قوتابخانەکانی دوکان گەرم دەکرێنەوە
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
دوای چوار مانگ لە داخرانی دەرگای قوتابخانەکان، بەگوێرەی بەرپرسانی پەروردە، هەفتەیەک دەبێت بەشی هەرە زۆری قوتابخانەکانی دوکان دەوامیان دەستپێکردوەتەوە و پەروەردەی دوکان دەڵێت، “ئیدی دەست دەکەین بە دابەشکردنی نەوت بەسەر قوتابخانەکان”.
سۆران عوسمان بەڕێوەبەری کارگێڕی پەروەدەی دوکان بە 964ی وت، “وەک ساڵانی تر پرۆسەی دابەشکردنی نەوت بەسەر قوتابخانەکان دەستیپێکردوە و سەرەتا قوتابخانەکانی پیرەمەگرون نەوت وەردەگرن و دواتر شوێنەکانی دیکە”.
بەوتەی سۆران عوسمان، ئەو نەوتە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە دابینکراوە، بڕەکەی 108 هەزار لیترە و ئەو رێژەیەش لەسەر بنەمای ژمارەی قوتابیان دابینکراوە و 118 قوتابخانە لێی سوودمەند دەبن.
زانیاریەکانی پەروەردەی دوکان ئەوەیە، لەو سنوورە 17 هەزار قوتابی دەخوێنن و هەزار و 600 مامۆستاش وانە دەڵێنەوە، لەو ژمارەیە 500 مامۆستایان وانەبێژن.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی