لە چێشتخانەیەکی سەڵاحەدین
کەسێک بە دەرمانی مشک 300 کەسی ژەهراوی کرد
سیروان خورشید – خورماتوو
ھێزە ئەمنییەکانی سەڵاحەدین تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە چەند رۆژێک پێش ئێستا ژەھری مشکی خستبووە ناو تانکی ئاوی خواردنەوەی چێشتخانەیەکی قەزای شەرگات لە پارێزگای سەڵاحەدین و بووە ھۆی ژەھراوی بونی 300 کەس.
یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین و سەرۆکی لیژنەی تەندروستی بە 964ـی وت، “دوای بەدواداچوونی ورد و لێکۆڵینەوەی سەەتایی لەسەر روداوی ژەھراویبونی نزیکەی 300 هاوڵاتی، ئاسایشی نیشتیمانی ناوچەکە توانیان لە ماوەیەکی کەمدا تۆمەتبارەکە دیاری بکەن و دەستگیری بکەن.
وتیشی، تۆمەتبارەکە لە کاتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا بە فەرمی دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لە هۆکاری ئەنجامدانی کارەکەشی وتویەتی، دوای ئەوەی چێشتخانەکە ناوبانگی زۆری دەرکرد و ئیش و کاری باشیان بوو، منیش لەسەر بنەمای ئیرەیی و تۆڵە سەندنەوە ئەو کارەم ئەنجام داوە.
دەشڵێت، لە ئێستادا بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی ژەهراوی بوون، دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان، تەنیا 48 کەسیان ماون و لەژێر چاودێری پزیشکیدان.
ئاماژەی بەوەشکرد، رێکاری توندی یاسایی بەرامبەر تۆمەتبار دەگیرێتەبەر و دوای تەواوبونی رێکارەکان دەدرێتە دادگا بۆ سزادانی لەسەر ئەو کارەی کە ژیانی سەدان هاوڵاتی خستە مەترسییەوە.