جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران:

“گەرووی هورمز ناکرێتەوە و ئەوەی ئەمریکا دەیڵێ تەنیا پڕوپاگەندەیە”

شۆڕش قادری

لەکاتێکدا ئێران و عومان خەریکی کردنەوەی رێڕەوێکن بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، تا ئەو کاتەی ئەمریکا کۆتایی بە هەڕەشە و جەنگ نەهێنێ، گەرووی هورمز ناکرێتەوە.

کازم غەریب ئابادی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، “ئێمە گەرووی هورمزمان پێش سەپاندنی گەمارۆی ئابووری ئەمریکا داخست، چونکە واشنتن پابەندی بەڵێنەکانی بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی ناو لێکتێگەیشتنەکە نەبوو”.

ئاماژەی بەوەشکرد، گەرووی هورمز بە هیچ شێوەیەک ناکرێتەوە و ئەوەی بەرپرسانی ئەمریکا دەیڵێن، جگە لە پڕوپاگەندە هیچی دیکە نییە.

پێشتر وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عومان لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاندبوو کە سەبارەت بە کردنەوەی رێڕەوێک بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز و هەڵگرتنەوەی مینەکان گفتوگۆیان کردووە.