نووسراوەکە بۆ حکومەت دەنێردرێ

هەڵەبجە بێ چاکسازییە و منداڵان لە دایک و باوکیان دوورن

964+
محەمەد عومەر – هەڵەبجە

پەیامنێری 964 لە راپۆرتێکدا بەدواداچون بۆ ئەو لێکەوتانە دەکات کە بەهۆی نەبوونی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی لە هەڵەبجە دروستبوون، کەیسی منداڵێکی حەوت ساڵان دەخاتەڕوو کە لە دووری باوکی لە دۆخێکی ناهەمواردا ژیان دەکات.

پوری ئەو منداڵە حەوت ساڵانەی باوکی بەندکراوە چیرۆکەکە بۆ 964 دەگێرێتەوە و دەڵێت، “(براکەی) لە چاکسازی گەوران لە پارێزگای سلێمانی لە زینداندایە، بەهۆی ئەوەی منداڵەکەی ئێستا تەمەنی حەوت ساڵانە، سات بەسات لە دووری نازی باوکی لە روخساریدا خەم و تاریکی دەردەکەوێت”.

بۆ ئەوەی کەسوکاری زیندانییەکان بگەن بە چاکسازی سلێمانی دەبێت نزیکەی 100 کیلۆمەتر ببڕن، دۆخی دارایی و دووری رێگاکە هاوکاریان نییە، هەڵەبجە لە 2014 وە چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستانە، ئەوانەی لە چاکسازی سلێمانی لە زیندانن ژمارەیان هەزار و 600 کەسە کە رێژەیەکی خەڵکی هەڵەبجەن و بەهۆیەوە دەیان منداڵ لە دایک و باوکیان دوورن.

ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی لەهەڵەبجە بووە بە پێویستی، نوسراوی داواکاری کردنەوەی ئامادەیە و لە رێگەی وەزیری کاروباوی کۆمەڵایەتییەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی دەنێرین.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا