چوار ساڵە نمایشیان نەکردووە و نایانەوێ ئەمجارەش پەکی بکەوێ

شانۆکارێکی کۆیە بە قاچی شکاوەوە گەڕاوەتەوە بۆ پڕۆڤەکردن

دەریا ئەحمەد – کۆیە

شانۆکارێکی کۆیە توشی رووداوێک بووە و قاچێکی شکاوە، بەڵام ئەوە نەبووە رێگر و بەدار شەقەوە گەڕاوەتەوە بۆ پڕۆڤە کردن و دەڵێت، “ئازاڕەکەم دەکەمە بەشێک لە فۆڕمی ئیشەکەم”.

شانۆکار رزگار زاهیر بە 964ـی وت، زیاتر لە مانگێکە پڕۆڤەی شانۆنامەی پۆلیس دەستیپێکردووو و منیش وەک ئەکتەرێک بەشدارم تیایدا، تووشی بەربوونەوە بووم و قاچم شکا و قەراربوو بەوهۆیەوە کارەکە رابوەستێ، بەڵام حەزم نەکرد، چونکە پێموایە شانۆ شوێنێکە، هونەرمەند ئازارەکانی خۆی تیایدا دەکات بە چیرۆک بۆ خەڵک”.

“هەرچەندە ئازارم زۆرە و دوو دارشەقم پێیە، بەڵام وەک رێزێک بۆ ماندووبوونی هاوڕێکانم، بەردەوام دەبم و بەڵێنم پێیانداوە بەتەنیا جێیاننەهێڵم، ئەو ئازار و لاق شکانەش دەکەمە بەشێک لە فۆڕمی رۆڵەکەم لەناو شانۆییەکەدا”، رزگار زاهیر وادەڵێت.

شوان حەمەسەعید دەرهێنەری شانۆییەکەش دەڵێت، “مامۆستا رزگار رۆحیەتێکی جوانی پیشانداین، دوو رۆژە ئەو رووداوەی بەسەرهاتووە کەچی هاتووەتە بۆ پڕۆڤە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە داوایان لێکردووە لەبەر تەندروستی ئەو پڕۆژەکەیان رابگرن، بەڵام قبوڵی نەکردووە و ئەگەریش بەشداری نەکردایە، کارەکە دەوەستا چونکە ئەکتەرێکی سەرەکییە و کەس ناتوانێ شوێنەکەی پڕبکاتەوە.

ئەم هەوڵەی هونەرمەندان و شانۆکارانی کۆیە بۆ ئەوەیە کە چوار ساڵە لە شارەکەیان هیچ کارێکی شانۆیی نەکراوە و نایانەوێ ئەمجارەش پەکی بکەوێ.

بڕیارە لە دووەم رۆژی فێستیڤاڵی رۆژی هونەر، 21ـی ئەم مانگە شانۆیی “پۆلیس” لە کۆیە نمایشەکەی دەستپێبکات و بۆ رۆژانی دواتریش بەردەوام دەبێت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری