گردبوونەوە
بازاڕی منارەی هەولێر پاسەوان و کارەبای نەماوە
رێباز یونس – هەولێر
کاسبکارانی بازاڕی منارە لە هەولێر، ئەمشەو 20.10.2026، دووبارە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان لە زیادکردنی پارەی خزمەتگوزاری و لابردنی پاسەوان دەربڕی.
بە گوێرەی نرخە تازەکانی خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا، دووکانەکانی پێشەوە لە 60 هەزار دینارەوە کراوە بە 120 هەزار دینار، دووکانەکانی پشتەوە لە 40 هەزار دینارەوە کراوە بە 80 هەزار دینار.
سەردار ئیبراهیم، نوێنەری کاسبکارانی بازاڕی منارە بە 964ی وت، کێشەی سەرەکییان لە پارەی خزمەتگوزارییە زیادکراوەکەدایە، نەک لە پارەی پێشووتر.
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆمپانیای کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی تر، لەگەڵ پاسەوان، لە بازاڕەکە لابراون.
بەپێی قسەکانی، لە نەبوونی پاسەواندا کاسبکاران هەستی ئاسوودەیی ناکەن و ناچار دەبن خۆیان پارێزگاری لە دووکان و سامانەکانیان بکەن.
کاسبکاران داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن دەستبەجێ هەنگاو بنێن بۆ پاراستنی موڵک و سامانەکانیان، ئەوان هۆشدارییان داوە کە لە ئەگەری روودانی هەر رووداوێکی نەخوازراودا، کۆمپانیا بەرپرسیار دەبێت.
کاسبکارانی بازاڕی منارە رایانگەیاند، ئەمشەو ناچار دەبن خۆیان پاسەوانی بکەن و تا بەیانی لە شوێنەکە بمێننەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا