وێنەی دایک و کوڕ لە پێش چوونە ژووری نەشتەرگەری _وێنە: تایبەت بۆ 964 نێردراوە
12 کاتژمێری خایاندووە
نەشتەرگەری ئەو کوڕەی جگەری بەدایکی بەخشی “بە سەرکەوتوویی” ئەنجامدرا
رێژوان مامەقادر – سلێمانی
بەوتەی پزیشکەکان، کە بە کەسوکارەکەیان وتووە، نەشتەرگەریی بەخشینی جگەر لە لایەن کوڕێکەوە بۆ دایکی لە نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە لە سلێمانی “بە سەرکەوتوویی” ئەنجامدرا.
لوقمان محەمەد، مامی بورهان ئەیوب، ئەو کوڕەی بەشێک لە جگەری بە دایکی بەخشی بە 964ـی وت، ئەیوب لە کاتژمێر 9:30 خولەکی سەر لەبەیانی تا کاتژمێر 3:30 خولەکی عەسر لەژێر نەشتەرگەری بووە، دایکیشی کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ براوەتە نەشتەرگەرییەوە و کاتژمێر 9:30ـی ئەمشەو تەواو بووە.
شەوی رابردوو 964 لەگەڵ بورهان ئەیوب قسەی کرد و وتی، “21%ـی جگەری دایکی پەکی کەوتووە و دوای ئەنجامدانی پشکنینەکانیش دەرکەوت من بۆ بەخشینی جگەر ئامادەم و جگەریشم لەگەڵ دایکم گونجاوە تا پێی ببەخشم”.
دایکی ئەیوب تەمەنی 53 ساڵە و ماوەی چەند ساڵێکە کێشەی جگەری هەیە و ئەیوب خۆشی تەمەنی 31 ساڵە، مامی ئەیوب وتیشی، “پزیشکەکان دوای نەشتەرگەرییەکە وتوویانە زۆر ماندووین و سبەینێ روونکردنەوەتان دەدینێ، بەڵام دڵنیایان کردین کە نەشتەرگەرییەکە 100% سەرکەوتوو بووە”.
ئەیوب و دایکی دانیشتووی شاری دهۆکن و لە شاری سلێمانی نەشتەرگەرییەکەیان بۆ کراوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا