بارەگای رێکخراوی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان - وێنە: 964+
نزیکەی 20%یان پڕیان نەکردووەتەوە
پڕکردنەوەی فۆڕمی دڵنیایی مانەوە لە ژیان بۆ کەمئەندامان بەردەوام دەبێت
964+
پێشەوا محەمەد
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی درێژە بە ماوەی پڕکردنەوەی فۆڕمی دڵنیایی مانەوە لە ژیان بۆ کەمئەندامان دەدات و بەرپرسێکی وەزارەتەکە دەڵێت، نایانەوێت هیچ کەمئەندامێک موچەکەیان ببڕێت.
بە پێی ئەو وادەیەی وەزارەتەکە پێشتر رایگەیاندبوو، ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆتا رۆژی پڕکردنەوەی ئەو فۆڕمە بوو لە لایەن کەمئەندامانەوە.
هەوراز عەبدولقادر، بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە دیوانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە 964ـی راگەیاند، هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی وادەکە نییە، بەڵام پڕۆسەکە ناوەستێت و کەمئەندامان دەتوانن بەڕێوەبەرایەتییەکان و فۆڕمەکە پڕبکەنەوە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، 76 هەزار کەمئەندام موچە وەردەگرن و تا ئێستاش نزیکەی 80%یان فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە.
“نامانەوێت موچەی هیچ کەمئەندامێک ببڕێت و لەوانەیە ئەوانەی پڕیان نەکردووەتەوە هۆکارێکیان هەبێت، بۆیە پڕۆسەکە بەردەوامی پێدەدەین”، ئەوەش قسەی هەوراز عەبدولقادرە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە سامان حسێن، سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامان بە 964ـی راگەیاندووە، داوایان کردووە وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە درێژ بکرێتەوە.
فۆڕمەکە بۆ دڵنیابوونەوەیە لە ژیاندا مانەوەی ئەو کەمئەندامانەی موچەیان هەیە، چونکە بە وتەی هەورا عەبدولقادر، بەغدا داوای لێکردوون ئەو فۆڕمە پڕ بکرێتەوە.