باڵەخانەی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان - وێنە: 964+
چەندیان ماون پڕی بکەنەوە؟
یەکێتی کەمئەندامان داوای درێژکردنەوەی وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە دەکات
964+
پێشەوا محەمەد
یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان داوای درێژکردنەوەی وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمی دڵنیایی مانەوە لە ژیان دەکات بۆ کەمئەندامان و دەڵێت، هێشتا کەمئەندامان ماون پڕی بکەنەوە.
فۆڕمەکە سەرەتا تا 22ـی ئەم مانگە بوو، بەڵام وادەکەی تا ئەمڕۆ پێنجشەممە 25.1.2024 درێژکرایەوە.
سامان حوسێن، سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، پیشنیاریان کردووە وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە درێژ بکرێتەوە لانیکەم تا کۆتایی ئەم مانگە بۆ ئەوەی کەمئەندامان هەموویان پڕی بکەنەوە.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 90 هەزار کەمئەندام موچەیان هەیە، 964 دەزانێت نزیکەی 15 هەزار کەمئەندام ماون ئەو فۆڕمە پڕ بکەنەوە و ئەمڕۆش کۆتا رۆژە.
فۆڕمەکە لە لایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە راگەیەندراوە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو کەمئەندامانەی موچە وەردەگرن لە ژیاندا ماون یاخود نا.
سامان حسێن وتیشی، “ئەو فۆڕمە گرنگە بۆ ئەوەی کەمئەندامان بیسەلمێنن شایەنی ئەو موچەیەن کە وەریدەگرن”.