چارەنوسیان نادیارە
فڕۆکەیەکی روسی بە 65 دیلی ئۆکرانیەوە کەوتە خوارەوە
توانا نەقی
فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازی رووسیا کە 65 زیندانی ئۆکراینی تێدابوو، لە رۆژئاوای رووسیا کەوتە خوارەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازی روسیا بەناوی ئێل-٧٦ لە پارێزگای بێلگۆرۆد لە باشووری رۆژئاوای روسیا کەوتە خوارەوە و 65 دیلی ئۆکرانی و 9 ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی تێدابوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریدا هاتووە: “رۆژی 24.1.2024، نزیکەی کاتژمێر 11:00 بەکاتی مۆسکۆ، فڕۆکەیەکی جۆری ئیل-٧٦ لە ناوچەی بێلگۆرۆد لە کاتی گەشتێکی بەرنامە بۆ داڕێژراودا کەوتە خوارەوە”.
ئەوەش هاتووە، 65 زیندانی ئۆکراینی لەناو فڕۆکەکەدا بوون و 9 ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی بوون.
ڤیاچێسلاڤ گلادکۆڤ، بەرپرسی یەکەمی ناحیەی بێلگۆرۆد لە کەناڵی تێلێگرامی خۆیدا نووسیویەتی، “رووداوێک لە شاری کۆرۆچانسکی روویدا، لە ئێستادا تیمەکانی لێکۆڵینەوە و فریاگوزاری لە شوێنی رووداوەکە کاردەکەن، دواتر بارودۆخی رووداوەکە ڕادەگەیەنین”.