قایمقامییەتی سلێمانی: ئەزمە دروست مەکەن غازی زۆرمان هەیە

964+

دیلان محەمەد- سلێمانی

دوای رووداوی هێرشەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ترس و دڵەڕاوکێ لە لای هاووڵاتییان دروستبووە و بەشێکی زۆریان روویان لە بەنزینخانەکان کردووە بۆ وەرگرتنی غاز.

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەم بەیانیە ئۆتۆمبێلەکانی دابەشکردنی غاز لە ناو گەڕەک و کۆڵانەکانی شاری سلێمانی گەڕاون بۆ دابینکردنی غازی ماڵان قایمقامییەتیش دڵنیایی دەدات کە خەزێنەیەکی زۆری غاز بەردەستە و پێویست بە ترس و دروستکردنی سەرەی درێژ ناکات.

بەپێی زانیارییەکان، بڕی غازی کۆگاکراو بۆ زیاتر لە مانگێک بەش دەکات، بە جۆرێک ئەگەر بۆ ماوەی مانگێکیش غاز نەیەت، هیچ کێشە و قەیرانێکی کەمیی غاز لە سلێمانی دروست نابێت.

سەبارەت بە نرخەکەی، نرخ پێشتر بڕیار بوو بە 450  دینار دیاری بکرێت، بەڵام ئێستا لیتری غازی بازرگانی لە بەنزینخانەکان بە 500 دینار دەدرێت بە هاوڵاتییان.

پێداچوونەوە؛ پەری ساڵح