لۆگۆی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێم
کونسوڵی چین بەڵێنی داوە
زۆری نەماوە بازرگانان لە هەولێرەوە ڤیزای وڵاتی چین وەربگرن
964+
پێشەوا محەمەد
زۆری نەماوە بازرگانان لە هەولێرەوە داوای ڤیزای وڵاتی چین بکەن، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران دەڵێت، کونسوڵی وڵاتی چین ئەو بەڵێنەی پێداون.
هەفتەی پێشوو کونسوڵی وڵاتی چین لە کوردستان سەردانی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کردووە و لەوێ پێیوتوون وادەکەن ڤیزای وڵاتی چین لە شاری هەولێر وەربگیرێت.
پێشتر ڤیزاکە تەنیا لە شاری بەغداوە وەردەگیرا.
شێخ مستەفا شێخ عەبدولرەحمان، سەرۆکی یەکێتییەکە بە 964ـی راگەیاند، هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەن لە مانگی دووی ئەمساڵەوە ئەو ڤیزایە لە هەولێر بدرێت بە بازرگانانی هەرێم.
وتیشی، “ئەوە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ بازرگانانی هەرێم دەکات و دەتوانن ڤیزاکانیان زووتر و بە رێکاری ئاسانتر دەستبکەوێت”.
بەپێی ئاماری یەکێتییەکە، کە بە 964 دراوە، قەبارەی هاوردەی ساڵی 2023 لە چینەوە بۆ هەرێم نزیکەی پێنج ملیار دۆلار بووە.
“بە گرنگیشەوە باس لەوە کراوە کارگە و بازرگانییە چینییەکان بێنە کوردستان و کۆمپانیا و کارگە دابمەزرێنن”، ئەوەش قسەی شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمانە.