لە کاتێکدا غاز زۆرە
هەفتەیەکە سەرەی غازی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی دروست بووە
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
ماوەی هەفتەیەکە لە شاری سلێمانی قەرەباڵغی و سەرەگرتن بۆ وەرگرتنی غازی ئۆتۆمبێل دروستبووە و شۆفێرانیش بە تەلەفۆن سۆراغی بەنزینخانەکان دەکەن، قائیمقامییەتی سلێمانیش دەڵێت، کێشەی کەمیی غاز نییە، بەڵکو کێشەکە لە فریا نەکەوتنی تانکەرەکانی دابەشکردندایە.
شۆفێرێکی پاس، کە رۆژانە قوتابیان دەگوازێتەوە، بە 964ـی راگەیاند: بە تەلەفۆن یەکتری ئاگادار دەکەینەوە کە لە کوێ غازی ئۆتۆمبێل دابەش دەکرێت.
ئەو شۆفێرە ئاماژەی بەوەشکرد، ناچارن لە سەرەدا بوەستن و تەنیا 40 لیتر غازیان پێدەدرێت، لە کاتێکدا خۆیان رۆژانە لانیکەم 60 لیتر غاز دەسووتێنن.
لەبارەی هۆکاری دروستبوونی ئەو دۆخە، لیژنەکانی قائیمقامییەتی سلێمانی بە پەیامنێری 964ـیان وتووە،”کێشەی غاز نییە، کێشەکە ئەوەیە دوو تانکەر غاز بەسەر 10 بەنزینخانەدا دابەش دەکەن و فریا ناکەون بەسەر هەموو بەنزینخانەکاندا دابەشی بکەن”.
وەک لیژنەکانی قائیمقامییەت روونیان کردووەتەوە، بەهۆی ئەو فریا نەکەوتنەوە، رۆژانە تەنیا دوو بەنزینخانە غازی ئۆتۆمبێل بەسەر شۆفێراندا دابەش دەکەن، ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی سەرە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح