هێزە ئەمنییەکان کۆبونەتەوە
لە ئیدارەى راپەڕین بایکۆت بەردەوامە
964+
وریا فەتاح
سەرەڕاى ئەوەى بڕیاربوو ئەمڕۆ پڕۆسەى خوێندن دەستپێبکاتەوە، بەڵام لە سنورى ئیدارەى راپەڕین بایکۆت بەردەوامە و تەنها دەرگاى قوتابخانەکان کراونەتەوە.
بە واژۆى 12 بەڕێوەبەرى قوتابخانەکانى سنورى ژاراوە، بڕیار بوو ئەمڕۆ دەرگاى قوتابخانەکان بکرێنەوە و دەوام ئاسایى بکرێتەوە، بەڵام بەپێى سۆراغى 964، تەنها دەرگاى قوتابخانەکان کراونەتەوە و بەڕێوەبەرەکان لەوێن، نە مامۆستایان گەڕاونەتەوە و نە قوتابیان.
سەرەڕاى کۆبونەوەى ژمارەیەکى زۆرى هێزە ئەمنییەکان لەبەردەم پەروەردەى رانیە، بەڵام ئێستا، ژمارەیەکى زۆرى مامۆستایان لەناو حەوشەى بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى رانیە گردبونەتەوە، دروشمى بایکۆت دەڵێنەوە.
بەپێى زانیارییەکانى 964، لە قوتابخانەکانى رانیە و قەڵادزێش بایکۆت بەردەوامە، سەرەڕاى کردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکان، بەڵام مامۆستایان و قوتابیان نەگەڕاونەتەوە بۆ هۆڵەکانى خوێندن.