رێگای نێوان کفری - جەبارە

بە رووداوێکی هاتوچۆ 10 کەس بریندارن و یەکێکیش گیانی لەدەستداوە

میلاد جەلان – گەرمیان

لەسەر رێگای کفری بۆ جەبارە رووداوێکی ھاتوچۆ رویداوە و 10 کەس بریندارن و یەکێک گیانی لەدەستداوە.

رێبوار محەمەد بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی کفری بە 964ـی وت، لەسەر رێگای کفری – جەبارە رووداوێکی ھاتوچۆ لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت بەهۆیەوە 10 کەس بریندارن و کەسێک گیانی لەدەستداوە.

“یەکێک لەئۆتۆمبێلەکان 11 کەسی تێدابووە، ھەموویان وەستا و کرێکار بوون و خەڵکی موسڵن، ئۆتۆمبێلەکەی دیکەش یەک کەسی تێدابووە دانیشتووی قەزای کفریە” رێبوار محەمەد وای وت.

ئەوەی گیانی لەدەستداوە شۆفێری ئۆتۆمبێڵەکەی بەرامبەر بووە و بە تەنیا بووە کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای کفرییە.

ئاماژەی بەوەش کرد، 10 بریندار ھێنراونەتە نەخۆشخانەکەیان، بەڵام ئەوەی کە گیانی لەدەستداوە نەھێنراوەتە لای ئەوان، چوار لە بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەلار کراون بۆ چارەسەری زیاتر.

پێداچوونەوە: توانا نەقی