یەکەم کاروانی حاجیانی راپەڕین بەرەو ماڵی خودا بەڕێکەوتن
“شەرتم لەگەڵ خوای گەورە کردبوو بە جلی ئاڵای کوردستانەوە بچمە حەج”
فەرمان مەلاحەسەن – راپەڕین
ئەمڕۆ بە دوو وەجبە 360 هاوڵاتی کە ناویان بۆ فەریزەی حەج گەڕاوەتەوە، لە دەڤەری راپەڕین بەرەو ماڵی خودا بەڕێدەکەون، ژنێکیش کە بە دڵخۆشییەوە روودەکاتە حەج، دەڵێت، شەرتم لەگەڵ خوای گەورە کردبوو بە جلی ئاڵای کوردستانەوە بچمە حەج.
بەشێک لەو هاوڵاتیانەی ناویان گەڕاوەتەوە ئەمڕۆ لە لایەن کەسوکاریان و بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی راپەڕێن بە پاس بەرەو فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی بەڕێکران و لەوێشەوە بە فڕۆکە دەچنە سعودیە.
بەڕێوەبەری حەج و عومرەی راپەڕین شێخ تەها بە 964 راگەیاند، “حاجیانی راپەڕین لە رێگای فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی ئەمڕۆ بە دوو وەجبە دەچنە ماڵی خودا و هەموو کارئاسانییەکمان بۆ کردوون”.
ژنێکیش لەوانەی ناوی بۆ حەج گەڕاوەتەوە و گەشتەکەی دەکات، بە 964ی وت، دڵی زۆر خۆشە و پارساڵ ناوی نووسیوە و ئەمساڵ ناوی هاتەوە، دەشڵێت، “شەرتم لەگەڵ خوای گەورە کردبوو بە جلی ئاڵای کوردستانەوە بچمە حەج”.
مامەحاجییەکی دیکەش کە لە لایەن کەسوکارییەوە بەڕێدەکرا، بە 964ی وت، دڵی زۆر خۆشە و هەستی وەسف ناکرێت، دوعای خێریش بۆ هەموو موسڵمانان دەکات.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا