لە مزگەوتەکانی سلێمانیدا دزییان کردووە
دوو کەس بە تۆمەتی دزیکردن لە نوێژخوێنان دەستگیر کران
ژووری هەواڵ
پۆلیسی سلێمانی ڤیدیۆی دوو تۆمەتباری بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە مزگەوتەکانی ناوبازاڕی سلێمانی لە رەمەزاندا دزییان لە نوێژخوێنان کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی، مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ناوبازاڕ دوو تۆمەتباریان دەستگیر کرد، کە لەپێش دەستپێکی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە و لەکاتی بەجێهێنانی فەریزە ئاینییەکان گیرفانی نوێژخوێنانیان لەناو مزگەوتەکاندا دەبڕی و دزیان دەکرد.
وەک پۆلیس باسی دەکات، ئەو دوو تۆمەتبارە قەرەباڵغی ناو مزگەوتەکان و کاتەکانی نوێژکردنیان بە دەرفەت زانیووە، بۆیە لەناو مزگەوتەکاندا گیرفانی نوێژخوێنانیان بڕیووە.
دوای ئەوەی چەند هاوڵاتییەک سکاڵایان کردووە، پۆلیسی سلێمانی بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کردووە و لە کامێراکانی چاودێرییەوە هەردوو تۆمەتبار (م، غ، ح) لەدایکبووی (1986) و تۆمەتبار ( ن، ج، ت) لەدایکبووی (1961) ناسراونەتەوە و دەستگیرکراون.
ئێستا تۆمەتبارەکان بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی (446) لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە و بە وتەی پۆلیس تۆمەتباری یەکەم تۆمەتبارە بە 13 تاوانی دزیکردن و تۆمەتباری دووەمیش فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ناوبازاڕ و بنکەی پۆلیسی شارەزور و نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی کوردسات لەسەر تاوانی دزیکردن.