حاسڵاتی رووداوەکانی غەزە و دەوروبەر

ئیسرائیل موچەی غەزەی بڕیوە و دیموکراتەکانیش نیگەرانن

964+

ژووری هەواڵ

ئیسرائیل رایگەیاند رێگەنادات دەسەڵاتی فەڵەستینی موچەی فەرمانبەران و پارەی خزمەتگوزاری بۆ کەرتی غەزە بنێرێت، دەڵێت ئەو پارەیە دواتر دەچێتەوە دەست حەماس و دژی سوپای ئیسرائیل بەکار دەهێندرێتەوە.

دوای مانگێک بایدن و ناتەنیاهۆ پێکەوە بە تەلەفۆن قسەیان کرد، بایدن بە ناتەنیاهۆی وتووە هێشتا بڕوای وایە چارەسەر دروستبوونی دوو دەوڵەتی فەلەستینی و ئیسرائیلییە کە پێکەوە بە ئاشتی بژین، پێشتر هەردوو سەرۆک ناکۆکیان هەبوو پێکەوە قسەیان نەدەکرد.

دەستەی پەخشی ئیسرائیل رایگەیاند: سوپای ئیسرائیل دوا هۆشداری داوە بە ئەمریکا و پێی وتووە ئەگەر هێزی (رەزوان)ی حیزبوڵا لەسەر سنوور دوور نەخەیتەوە، ئەوا لە نزیکترین کاتدا هێرشی وشکانی بۆ سەر لوبنان دەست پێدەکەین.

رادیۆی فەرمی ئیسرائیل رایگەیاند: زۆربەی بەرپرسە باڵاکانی ئیسرائیل کۆکن لەسەر ئەوەی نەبوونی دیدگایەکی سیاسی روون بۆ پاش شەڕەکە وادەکات سەرکەوتن بەسەر حەماسدا زەحمەت بێت.

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە: کەسوکاری دیلەکان لەبەردەم ماڵەکەی ناتەنیاهۆ لە خوارووی حەیفا مانیان گرتووە، ئەوان متمانەیان بە حکومەت نەماوە بتوانێت دیلەکان بگەڕێنێتەوە.

60 کۆنگرێسمانی ئەمریکی کە لە دیموکراتەکانن، نامەیەکیان بۆ بلنکنی وەزیری دەرەوە ناردووەو دەڵێن ئەوان بەتوندی دژی ئاوارەکردنی زۆرەملێی فەلەستینییەکانن و ناڕازین لە هەڵوێستی توندی هەندێ لە ئیسرائیلییەکان.