چارەسەرێکى نوێ دۆزرایەوە

ژەهرى جاڵجاڵۆکەیەک مردن بە جەڵتەى دڵ رادەگرێت

964+

سۆما حەکیم زادە

کۆمەڵێک زانای زانکۆی کوینزلاند، گەیشتنە ئەو ئەنجامە زانستیانەی کە ژەهری یەکێک لە جاڵجاڵۆکە کوشندەکانی جیهان دەتوانرێت وەک چارەسەرێکی رزگارکەری ژیان بۆ جەڵتەی دڵ لە مرۆڤدا بەکاربهێنرێت.

جاڵجاڵۆکەی تۆڕی قۆنتەری ئوسترالی، ناوبانگێکی ترسناکیان هەیە کە ژەهرێکى زۆریان هەیە، بەڵام دەتوانن ژیانیش رزگار بکەن.

پرۆفیسۆر ناتان بالبانت و پرۆفیسۆر گلێن کینگ، دەرمانێکیان بەناوی Hi1a لە مۆلیکولێکەوە دروستکردووە کە لە ژەهری جاڵجاڵۆکەدا هەیە.

دوای زنجیرەیەک پشکنین بۆیان دەرکەوت کە ئەم مۆلیکولە تایبەتە دەتوانێت خانەکان لە زیانەکانی جەڵتەی دڵ بپارێزێت.

بالپانت ڕوونیشیکردەوە، دوای جەڵتەی دڵ، ڕۆیشتنی خوێن بۆ دڵ کەمدەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمی ئۆکسجین، لە ئەنجامدا ژینگەیەکی ترش بۆ خانەکان دروست دەبێت، ئەمەش پەیامێک بۆ خانەکانی دڵ دەنێرێت تا بمرن، بەڵام Hi1a دەتوانێت کاریگەر بێت لە وەستاندنی ئەم نیشانەی مردنە.

هەرچەندە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانى مردن لە جیهاندا جەڵتەى دڵە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە دەرمانێک بەرهەم بهێنێت کە ئەم سیگناڵەی مردنە لە خانەکانی دڵدا بوەستێنێت، بەڵام بە وتەى بالپانت، پرۆتینی Hi1a لە ژەهری جاڵجاڵۆکەدا ڕێگری لە کەناڵە ئایۆنییە هەستیارەکانی ترش دەکات لە دڵدا، بەمەش ڕێگری لە مردن دەکات.

توێژینەوەکە لە گۆڤاری ئەوروپی هارت جۆرناڵدا بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، لە ئێستادا، هیچ دەرمانێکی پەسەندکراوی کلینیک نییە کە ڕێگری لە مردنی خانەکان بکات دوای جەڵتەی دڵ.

دەرمانی Hi1a پێوەرە گرنگەکانی بەدیهێنا بۆ ئەوەی ببێتە چارەسەرێک لە کاتی تاقیکردنەوە پێش کلینیکییەکان، واتا ئێستا تاقیکردنەوەکان دەتوانن بەرەو قۆناغی داهاتوو پێشبکەون.