بەنەتەوە کوردە
پۆلیسێکی نەوت و گاز دوای بێسەروشوێن بوونی تەرمەکەی لەناحیەی جەبارە دۆزرایەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
کارمەندێکی پۆلیسی نەوت و گازی ھەرێم، کە لەکێڵگەی نەوتی کەواچەرمۆ دەوامی دەکرد، دوێنێ ئێوارەوە لەماڵ دەرچوبوو ھیچ سۆراغێکی نەبوو، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشممە بەکوژراوی تەرمەکەی لە گوندێکی نزیک ناحیەی جەبارە دۆزرایەوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی کە نەیویست ناوی بھێنرێت بە 964ـی وت، ئەو کارمەندەی پۆلیس بە نەتەوە کوردە، دانیشتووی گوندی سناجەرەیە لەناحیەی جەبارە لەکاتی پشووی ئاسایی خۆی بووە لە ماڵەوە.
“دوێنێ دووشەممە دوای نیوەڕۆ، لەماڵ دەرچووە و ئیتر ھیچ سۆراغێکی نەبووە و ژمارە مۆبایلەکەشی داخرابوو، دواتر ئۆتۆمبێل و مۆبایلەکەی لەودیو جەبارە دۆزرایەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆش تەرمەکەی خۆی دۆزرایەوە لەناو بیرێکدا فڕێدرابوو”،ئەو سەرچاوەیە وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کارمەندە پۆلیس ناوی زێدان محەمەدە و تەمەنی 46 ساڵە، تەرمەکەی ئاسەواری فیشەکی پێوەبووە، رەوانەی پزیشکی دادی قەرەتەپە کراوە بەمەبستی توێکاری.
پێداچوونەوە: توانا نەقی