"بە ئەنقەست بۆمان ناکرێت"
گوندی زەڕایەنی کۆن داوای خزمەتگوزاری دەکەن
964+
بڕوا مەجید – قەزای شارەزوور
گوندی زەڕایەنی کۆن سەر بە ناحیەی زەڕایەنە لە سنوری قەزای شارەزوور، زیاتر لە 500ماڵ لە گوندەکەدا نیشتەجێن، بەهۆی کەمی خزمەتگوزاری و نەبونی پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە دەناڵێنن.
هاوڵاتیانی گوندەکە دەڵێن، گوندەکەیان پەراوێز خراوە و بەئەنقەست پڕۆژەی تیادا جێبەجێ ناکرێت.
تاریق ئەحمد مامۆستایە لە قوتابخانەی گوندەکە بۆ 964 وتی، “گوندەکەمان مێژوویەکی کۆنی هەیە، لە ساڵی 1957 قوتابخانەی تێداکراوەتەوە و تا ئێستا دووجار نۆژەنکراوەتەوە داواکارین بەرپرسانی شارەکە خەمی پەروەردەی ئەم گوندە بخۆن”.
“ئەگەر مناڵێک یان کەسێکمان نەخۆشبکەوێت ئێمەدەبێت روبکەینە سەنتەری قەزای شارەزوور یاخود ناحیەکە، چونکە لە گوندەکەمان بنکەی تەندرووستی نیە، پێویستمان بە بنکەیەکی تەندرووستی هەیە” تارق ئەحمد وایوت
ئارام عوسمان هاوڵاتییەکی گوندەکەیە بە 964ـی وت، لە ساڵانی نەوەدەکان پرۆژەی ئاوی خواردنەوەیان بۆ کراوە کە بەشی 70 ماڵێکی کردووە لە دوای 30 ساڵ کە ئێستا نزیکەی 500 ماڵێک دەبن هەمان بەشە ئاوی ساڵی نەوەدەکانیان هەیە.
وتيشى “ساڵی پاریش بەشێکی کەم ئاوەڕۆمان بۆ کراوە کە نیوەی گوندەکەی نەگرتووەتەوە ڕێگاوبانیشمان زۆر خراپە کە تا ئێستا بستێ قیر یان چیمەنتۆمان بۆ نەکراوە”.
دەربارەی ناڕەزایی و نیەگەرانی هاوڵاتیانی گوندی زەڕایەنی کۆن ئاوارە حەمە شەریف بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن بۆ 964 دەڵێت، “ئێمە داواکاریەکی فەرمیمان لەلایەن خەڵکی گوندەکەو ئەنجومەنی گوندەکەوە پێنەگەیشتووە، بەڵام لە پێشودا بەشێکی ئاوەڕۆی گوندەکەمان بەگوژمەی 40 ملیۆن چارەسەر کردووە.
وتیشی، لە مانگی 5ی ساڵی رابوردوو دەرخستەیەکمان بۆ پڕۆژەی قیرتاوکردنی بەشێک لە کۆڵانەکان و رێگای سەرەکی مزگەوتی گوندەکە رادەستی وەزارەت کردووە، چاوەڕێین وەڵام بدرێینەوە و بتوانین پڕۆژەکەیان بۆ ئەنجام بدەین”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی