ئەگەر نەچن موچەکانتان دەبڕێت

دوامۆڵەت دەدرێتە خاوەن پێداویستە تایبەتەکان

964+

ژووری هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی دوا وادە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی ساڵانەی خاوەن پێداویستە تایبەتەکان دیاریی دەکات و دەڵێت، ئەگەر لەو ماوەیەدا فۆڕمەکە پڕنەکەنەوە موچەکەیان دەبڕدرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 16.1.2024، هێمن محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 18.1.2024 کۆتا رۆژ دەبێت، هەر هاوڵاتییەکی خاوەن پێداویستی تایبەت لەو ماوەیەدا فۆڕمی ئامادەبوونی ساڵانە “بەرحەیاتی” پڕ نەکردبێتەوە، خۆی بەرپرسیار دەبێت لە بڕینی موچەکەی.

لە رێکەوتی 7ـی 1ـی 2024ـەوە، دەست بە پڕۆسەکە کراوە و لە کاتژمێر 8:30 تــا کاتژمێر 1:00ـی پاش نیوەڕۆ فۆڕمەکان پڕدەکرێنەوە.

ئەو کەمئەندامانەی فەرمانبەرن و موچەی کەمئەندامییان خراوەتە سەر موچەی فەرمانگەکەیان، پێویست ناکات فۆڕم پڕبکەنەوە.

“پێویستە سوودمەند خۆی ئامادە بێت و پێناس یان کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاری پێبێت، لە کاتژمێر 8:30 تـا کاتژمێر 1:00ـی پاش نیوەڕۆ لە پێشوازی سوودمەنداندا دەبن بۆ پڕکردنەوەی فۆڕم”، هێمن محەمەد وای وت.

سوودمەندان دەتوانن لە نزیکترین یەکەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی لە قەزا و ناحیەکان فۆڕم پڕبکەنەوە.

ناونیشانی بەڕێوەبەرایەتیی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی سلێمانی: گردی جۆگا ــ خوار ئامادەیی هەڵکەوتی کوڕان.

ئەو یەکانەی سوودمەند دەتوانێت فۆڕمی لێ پڕ بکاتەوە بە پێی ناوچەی جوگرافی ئەمانەن: بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتیی تۆڕی پاستنی کۆمەڵایەتیی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی چەمچەماڵ، بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سەیدسادق، دایەنگەی بازیان لە قەزای بازیان، سەنتەری پاراستنی منداڵانی پێنجوێن، سەنتەری پاراستنی منداڵانی شارەزور لە هەڵەبجەی تازە، سەنتەری پاراستنی منداڵانی پیرەمەگرون و سەنتەری پاراستنی منداڵانی سەیدسادق.

ماوەی 10 رۆژ دەدرێتە خاوەن پێداویستە تایبەتەکان

ماوەی 10 رۆژ دەدرێتە خاوەن پێداویستە تایبەتەکان