زیادەڕۆییەکانی ناوبازاڕ و شەقامە گشتییەکانی سلێمانی لادەبرێن
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
شارەوانی سلێمانی دەستیکردووە بە هەڵمەتی لابردنی زیادەڕۆییەکانی ناوبازاڕ و شەقامە گشتییەکان, دەڵێت زیاتر لە 50 سەرپێچییان تۆمارکردووە و بەردەوامیش دەبن.
964+ دەزانێت، بەشی لابردنی زیادەڕۆیی و سەرپێچیی شارەوانی سلێمانی هەر کەس یان دوکاندارێک کەلوپەل و شمەکی لەسەر شۆستە و شەقامەکان دانابێت بە سەرپێچی تۆماری دەکات و لایان دەبات.
زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی بۆ 964+ـی روونکردەوە، هەڵمەتەکە ناوبەناو ئەنجام دەدرێت و تا ئێستا زیاتر لە 50 سەرپێچی و زیادەڕۆییان بۆ سەر موڵکی گشتی تۆمار کردووە.
دەشڵێت، ئەوانەی پێشتر ئاگادار کراونەتەوە و دووبارە سەرپێچییان کردووەتەوە سزای دارایی دەدرێن “ئەوانەی یەکەم جاریشیان ئاگادار دەکرێنەوە و زیادەڕۆییەکەیان پێ لادەبرێت.”