وەزیرى گەیاندنى عێراق:

پلاتفۆرمی “ئەمین” 24 هەزار حاڵەتی هەڕەشەی ئەلیکترۆنیی چارەسەر کردووە

وریا فەتاح

مستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندنی عێراق رایگەیاند، پلاتفۆرمی “ئەمین”ی سەر بە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی توانیویەتی نزیکەی 24 هەزار حاڵەتی هەڕەشە و باجپێدانی ئەلیکترۆنی لە وڵاتدا چارەسەر بکات.

سەنەد لە راگەیەندراوێکدا بە ئاژانسى دەنگوباسى عێراقى وتووە،” پلاتفۆرمی (ئەمین) بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و لەلایەن ئەفسەر و کادیرانی پسپۆڕی دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە دروستکراوە و تا ئێستا 90 هەزار بەکارهێنەری تۆمار کردووە، هاوکات 36 هەزار سکاڵای تایبەت بە هەڕەشەی ئەلیکترۆنیی پێگەیشتووە و توانراوە بە رێژەی 66% و بە کۆی 24 هەزار حاڵەت چارەسەر بکرێن.

وەزیری گەیاندن روونیشیکردەوە، ئەو 12 هەزار حاڵەتەی کە ماونەتەوە لە دەرەوەی تایبەتمەندی و مەرجەکانی بەرنامەکە بوون، ئەو حاڵەتانەشی کە چارەسەر کراون، زیاتر لە 18 هەزار حاڵەتیان پەیوەست بوون بە ژنان و 18 هەزار حاڵەتیشیان پیاوان بوون.

سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ سەرپێچیکاران، وەزیری گەیاندن جەختی لەوە کردەوە کە میکانیزمی کارکردنیان سڕینەوەی ئەو ناوەڕۆک و وێنانە دەگرێتەوە کە بۆ هەڕەشە بەکارهێنراون، هەروەها ئەگەر دەرکەوت ئەژمێرێک بۆ هەڕەشەکردن لە چەند کەسێک یان چەند لایەنێک بەکارهێنراوە، ئەژمێرەکە بە یەکجاری دەسڕدرێتەوە و لەناودەبرێت.