وێنەی یەکێک لە پڕۆژە نیشتەجێبوونەکانی سلێمانی - وێنە: 964
لە ساڵی 2023ـدا
زیاتر لە 19 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ بازاڕی عەقاراتی سلێمانی زیادبووە
964+
پێشەوا محەمەد
لە ساڵی 2023ـدا 19 هەزار و 404 یەکەی نیشتەجێبوون لە رێگەی 16 پڕۆژەوە بۆ بازاڕی کڕین و فرۆشتنی یەکەکان نیشتەجێبوون لە سلێمانی زیاد بووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی 964 لە کۆمپانیای عەقاراتی هەرێمی حاجی جەمالەوە لە سلێمانی وەریگرتووە، ئەو پڕۆژانە تەواو نەکراون و ئیشکردن تێیاندا بەردەوامە.
بەپێی ئامارەکە، ئەو 16 پڕۆژەیە 144 باڵەخانەیان لەناو شاری سلێمانی دروستکردووە و کەوتوونەتە زۆنە جیاوازەکانی شارەکەوە.
نرخی یەکەکان بە پێی زانیارییەکانی کۆمپانیای عەقاراتەکە جیاوازە، هەرزانترینیان 50 هەزار دۆلارە و گرانترینیشیان 240 هەزار دۆلارە.
964 دەزانێت، ئەو نرخانە تەنیا هی شوقەن و ڤێللا و خانوو و شوقەی پێنتهاوسی تێدا نییە.
بەوتەی عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی، کە بۆ 964 قسەی کردووە، ساڵی 2023 بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون ساڵێکی باش بووە و نزیکەی 20 هەزار شوقەی نوێ خراوەتە بازاڕەوە.
وتیشی، “کەرتی نیشتەجێبوون فراوان و بەردەوامە و بە هیچ شێوەیەک نابێت مۆڵەتدان لەو کەرتەدا بووەستێت و بەهۆی ئەوەی دانیشتوان بەردەوام لە فروانبووندان دەبێت پڕۆژەکانیش بەردەوام بن”.
لە پارێزگای سلێمانی نزیکەی 100 پڕۆژەی نیشتەجێبوون مۆڵەتیان پێدراوە و بە پێی زانیارییەکانی وەبەرهێنانی سلێمانی کە بە 964 دراوە، پارێزگاکە پێویستی بە 25 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی دیکە هەیە.