ئێستا ژمارەیان زیاترە لە نیو ملیۆن
102 ساڵ بەسەر دامەزراندنى پۆلیسى عێراقدا تێدەپەڕێت
964+
ژووری هەواڵ
پێش داگیرکردنى عێراق لەلایەن ئینگلیزەوە لە ساڵى 1917، پۆلیس لە عێراق بوونى هەبووە، بەڵام بە سیستمى پۆلیسى عوسمانى بەڕێوە دەبرا.
لە 4ی ئابی 1919 فەرماندەیی هێزی بەریتانیا (بەیاننامەی پۆلیس) ژمارە 72ی ساڵی 1919ی دەرکرد بە مەبەستی رێکخستن و پێناسەکردنی ئەرک و دەسەڵاتەکانی پۆلیس لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لەو سەردەمەدا، کە سیستەمی پۆلیسی عوسمانی هەڵوەشاندەوە.
بەم شێوەیە لە 9.1.1922، بە دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیس و دانانی عەقید نوری سەعید کە دەرچووی کۆلێژی سەربازی عوسمانی بوو وەک بەڕێوەبەری گشتی، پۆلیسى عێراق دامەزرا.
پۆلیسی ئەو دەمەی عێراق لە سێ هەزار کەسی پیادەو ئەسپسوار پێکهاتبوون، لەگەڵ دوو ئەفسەری عێراقی و 22 ئەفسەری بەریتانی و 71 فەرمانبەری بەریتانی کە کاری ئیدارییان دەکرد.
ئەو هاوکاریانەی بەریتانییەکان بەردەوام بوو تا لە ساڵى 1927 ژمارەیەک عێراقى وەک ئەفسەر لە پۆلیسی عێراق دامەزران و لێرەشەوە دورخستنەوە ئەفسەرانى بەریتانى دەستیپێکرد و دواى بەستنى پەیماننامەى ساڵى 1930ى نێوان عێراق و بەریتانیا، هەموو بەرپرسیارێتییەکى جێبەجێکردنى پۆلیس گواسترایەوە بۆ دەستى ئەفسەرانى عێراقى و تەنیا ژمارەیەکى کەمى ئەفسەرانى بەریتانى بە سنوردارکردنى دەسەڵاتەکانیان وەک راوێژکار مانەوە.
ژنان لەناو دامەزراوەی پۆلیسدا وەک پزیشک و پەرستار کاریان دەکرد، بەڵام ئەو یاسایەی ساڵی 1977 دەرچوو رێگەیدا ببنە ئەفسەرو پلەیان بەرز بکرێتەوە، ئێستا لەناو پۆلیسدا ژنی پلەداری زۆر هەن.
102 ساڵ پێش ئێستا ژمارەی پۆلیسی عێراقی بە سێ هەزار پۆلیس دەستی پێکرد، ئێستا نیو ملیۆنی تێپەڕاندووەو چەندین کۆلێژی تایبەت هەن بۆ پەروەردەو پێگەیاندنی هێزەکانی پۆلیس.