دیمەنێک لە گەرووی هورمز - وێنە؛ ئەرشیف
وەزارەتی دەرەوەی ئێران:
“هیچ کەشتییەک بەبێ رەزامەندی ئێمە لە گەرووی هورمز تێناپەڕێ”
شۆڕش قادری
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، هیچ کەشتییەک بەبێ رەزامەندی وڵاتەکەی ناتوانێ لە گەرووی هورمز تێپەڕێ.
کازم غەریب ئابادی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە تازەترین لێدوانیدا رایگەیاند، گەرووی هورمز بەتەواوەتی داخراوە و بە دڵنیاییەوە هەر کەشتییەک بیهەوێ تێپەڕێ، دەبێ مۆڵەتی حکومەتی ئێرانی پێبێ.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزی دەریایی ئێران کۆنتڕۆڵی تەواوەتی گەرووی هورمزی کردووە و ئەوەی کاربەدەستانی ئەمریکا لەبارەی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لەو رێڕەوە ئاوییە دەیڵێن، بەهیچ شێوەیەک راست نییە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر چەند جارێک دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گەرووی هورمزی بە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی ناساندووە و دەڵێت، لەئێستادا هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بە روخسەت و مۆڵەتی ئەوان ئەنجام دەدرێت.