بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت

پارێزگارى هەولێر لەسەر نان هاتە دەنگ

وریا فەتاح

بە پێى روونکردنەوەیەکى پارێزگاى هەولێر، دواى کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرى ئەنجومەنى نانەواخانە و بەشێک لە سەموونحانەکان، بڕیارى فرۆشتنى 10 نان بە هەزار دینار خراوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

بە پێى ئەو روونکردنەوەیەى پارێزکاى هەولێر دەریکردووە، بۆ جێبەجێکردنى بڕیارى سەرۆکى حکومەت کە 10 نان و سەموون بکرێت بە هەزار دینار، قایمقامى هەولێر بە ئامادەبونى بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانى، لەگەڵ نوێنەرى سەندیکاى کرێکاران و ئەنجومەنى نانەواخانەکان کە نوێنەرایەتى 1800 نانەواخانە و سەموونخانەى شارى هەولێریان دەکرد کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە، بە پاڵپشتى هاوکارییەک بۆ نانەواخانە و سەموونخانەکان، لەمەودوا نرخى هەر لیترێک غاز 50% داشکاندنى بۆ بکرێت و  رۆژانە بە زیادەوە بە بڕى (300 دینار) بۆ هەر لیترێک غازیان بۆ دابین بکرێت، کە خۆیان پێشتر بە (600 دینار) بۆ هەرلیترێک غازیان کڕیووە.

لە بارەى نرخى ئاردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە بە نرخى 30 هەزار دینار بۆ هەر فەردەیەک ئاردیان پێ بفرۆشرێت و لە هەر تۆنێکیش فەردەیەک بە خۆڕایى پێیان دەدریت.

کۆبوونەوەکە دوێنێ یەکشەممە ئەنجامدراوە و بریاریش دراوە، کە بە چوونە بوارى جێبەجێکردنى سەرجەم بڕیارەکان و فرۆشتنى 10 نان و سەموون بە هەزار دینار.

“بڕیارەکە لە پێناوى چینى هەژار و خاوەنکارەکانە، بەڵام ئەوەى ئەمڕۆ روویدا، کە هەندێک کەس بەناوى خاوەن سەموونخانە و نانەواخانە گردبوونەوە و ناڕەزایەتیان ئەنجام دا لە بەرامبەر بریارەکە، جگە لە مەرام و مەبەست بۆ شێواندنى بارودۆخەکە هیچی تر نەبوو، بەڵگەش بۆ ئەوە هەندێک لەوانەى لە نێو گردبوونەوەکەدا بوون بە دوور و نزیک پەیوەندیان بە سەموونخانە و نانەواخانەکان نەبووە”، لە روونکردنەوەکەى پارێزگاى هەولێردرا بەم شێوەیە خراوەتەڕوو.