یەكێك لەشەقامەكانی یەكتربڕی باخی بەختیاری. وێنە :964
تەکیەی کەسنەزانی رێگرە
رێگری لە تەواوکردنی شەقامێکی یەکتربڕی باخی بەختیاری دەکرێت
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
هەفتەیەك دەبێت لە سلێمانی گرفتێك بۆ كۆمپانیای جێبەجێكار لە یەكتربڕی باخی بەختیاری دروست بوە، سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە دەڵێت، “تەكیەی كەسنەزانی رێگە بە كاركردنمان نادەن لەو شەقامەی دەچێتەوە ناو شاری سلێمانی”.
پڕۆژەی یەكتربڕی باخی بەختیاری لە دوو ئەندەرپاس پێكهاتوە، دەكەوێتە سەر شەقامی سەرەكی سلێمانی بۆ تاسڵوجە، هەردوو گەڕەكی بەكرەجۆ و قلیاسان بەیەكەوە دەبەستێتەوە.
ئەحمەد حسێن، سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە بە 964ـی راگەیاند، “تەكیەی كەسنەزانی داوایان لێكردوین كارەكانمان رابگرین لەو شەقامەی كە دەكەوێتە سەر دەرگای تەكیەكە و دەچێت بۆ ناوشاری سلێمانی، گرفتێكی زۆریان بۆ دروست كردوین، لەبەرئەوەی ئەوشەقامە كارێكی چڕوپری دیواری راگر و گواستنەوەی بۆڕی ئاوی دوكان بۆ سلێمانی تێدایە”.
ئەو سەرپەرشتیارە دەڵێت، “ دوو داواكارییان لەئێمە هەیە، چاككردنەوەی رێگای سەرەكی تەكیەكە، تاپۆكردنی گەراجی ئۆتۆمبێلی تەكیەكە، ئەوەش لە ئەستۆی ئێمە نیە و لەدەسەڵاتی شارەوانی سلێمانییە، لایەنی بەرپرس تا ئێستاش بەدەم داواكارییەكەیانەوە نەهاتوەو بۆیان چارەسەر نەكردون”.
یەكتربڕی باخی بەختیاری، لەلایەن كۆمپانیای دەروازەی گەرمیان جێبەجێدەكرێت، تێچوی پڕۆژەكە 13ملیارە، لەسەدا 90ـی كارەكانی تەواو بوە.
پێداچوونەوە: هاوبەش