ساڵی 2022 شەش هەزار دزی ئەنجامدراوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لە ساڵی 2022دا نزیکەی شەش هەزار حاڵەتی دزیکردن لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە. پۆلیسی هەرێم دەڵێت: 7991 تاوانی فێڵکردنیش تۆمار کراون.

کارزان ئەمیر، وتەبێژی پۆلیسی هەرێمی کوردستان ئەو ئامارانەی لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، کە دوێنێ چوارشەممە بەڕێوە چوو.

بە پێی ئاماری پۆلیسی هەرێم، ساڵی رابردوو 215 رووداوی کوشتن 240 خۆکوشتن تۆمار کراون. هەروەها هەزار و 398 حاڵەتی ساختەکردنیش ئاشکرا کراون.

ئامارەکانی پۆلیس ئاشکرای کرد، دوو هەزار و 575 حاڵەتی خراپ بەکارهێنانی مۆبایل و 801 حاڵەتی هاوسەرگیریکردن لە دەرەوەی دادگاکان تۆمار کراون.

کارزان ئەمیر باسی لەوەش کرد، 324 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون، دەستبەسەر هەزار و 373 چەکی بێ مۆڵەتیشدا گیراوە و 5 هەزار و 206 رووداوی هەڕەشەکردنیش هەبووە.

ساڵی رابردوو، 207 رووداوی سووتان تۆمار کراوە کە 86ـیان خۆسووتاندن بوون.