بەهۆی بەڕێوەنەچوونی ئاهەنگەکان
فرۆشیارانی “بوق” بازاڕیان كز بووە
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
لە سلێمانی بەهۆی بەڕێوەنەچوونی ئاهەنگەكانی سەریساڵەوە بەشێوەیەكی فەرمی، بازاڕی “بوق” كزبوە و فرۆشیارانی دەڵێن، “ئەمساڵ كڕیاری زۆر كەمبوە لەچاو ساڵانی پێشوو”.
ئەم جۆرە (بوق)ە، زیاتر مێردمنداڵان و گەنجان ئارەزووی كڕینی دەكەن و لە شەوە ئاهەنگی سەری ساڵ بەكاری دەهێنن، بە تایبەتی لە شەقامی سەهۆڵەکە.
هاوڕێ تاهیر فرۆشیارێكی بوقە، ئەو بە 964ـی وت، “لە منداڵیمەوە فرۆشیاری ئەم جۆرە كەرەستانەم، بەڵام هیچ ساڵێك وەك ئەمساڵ بازاڕی كز نەبووە، ئەمساڵ لە 10 موشتەری دوو كەس دەیكڕێت”.
ئەو فرۆشیارە دەڵێت، ئەم بوقە لە وڵاتی چینەوە دێتە كوردستان، نرخەكەی هەزار و 500 دینارە، هەر ئەم جۆرەی بازاڕی كز نەبووە، هەموو كەرەستەكانی سەری ساڵ لە داری كریسمس، جلوبەرگ و كڵاوی بابا نوئێل و بابەتەكانی تریش ئەمساڵ فرۆشیان باش نییە.
“هۆكارەكانی كەمی فرۆشییان بەهۆی بەڕێوەنەچوونی ئاهەنگەكانی سەری ساڵ وەك ساڵانی پێشوو، قەیرانی دارایی و بێ مووچەیی، گرانبونی نرخەكەیەتی لە چاو ساڵانی پێشوو”، ئەو فرۆشیارە وای بە 964 وت.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر