دوای نزیکەی ساڵێک لە بڕیاری کردنەوەی، مەرزی تیلەکۆ نەکراوەتەوە

+964

میلاد جلال – گەرمیان

لە مانگی شوباتی 2022 بڕیاردرا بە کردنەوەی مەرزی تیلەکۆ لە سنوری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لە ناوچەی گەرمیان، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوەتەوە.

‌عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان دەربارەی دواکەوتنی وادەی کردنەوەی دەروازەی تیلەکۆ بە 964+ی وت، “سەرجەم رێکارە ئیدارییەکانی کردنەوەی دەروازەی تیلەکۆ ئەنجامدراوە و بە چوار قۆناغ لە لایەن وەزارەتی داراییەوە پارەی بۆ دابینکراوە و تەنانەت سیاج و قیرتاوی رێگاکەش تەواو بووە”.

بە قسەی ئەو، بەهۆی پشووەکانی سەری ساڵ خەرجکردنی پارە بە گشتی بۆ تەواوکردنی بینا وشوێنەکانی تری دەروازەکە راگیراوە و بە هۆی ئەو سستیە، بەڕێوەچوونی کارەکانی دروستکردنی دەروازەکە دواکەوتووە و کاتی کردنەوەشی دیار نییە.

بە کردنەوەی دەروازەی  تیلەکۆ و هەروەها بوونی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، گەرمیان دەبێتە خاوەن دوو دەروازەی فەرمی بازرگانی.