دیمەنی ئامێرەکانی شارەوانی لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود - وێنە: شارەوانی سلێمانی
پلانی ساڵی نوێیان چییە؟
تیمەکانی شارەوانیی سلێمانی لە پشوودا نین
پێشەوا محەمەد
تیمەکانی شارەوانیی سلێمانی لە رۆژانی پشووی سەری ساڵدا لە ئەرکدان و سەرۆکی یەکێک لە لیژنەکان دەڵێت، وەک رۆژانی تر کاردەکەن.
شارەوانیی سلێمانی خاوەنی لیژنەکانی زیادەڕۆیی، خۆڵ و خاشاک و نۆژەنکردنەوەی شەقام و کۆڵان و رێگاوبانەکانە.
زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، سەرجەم لیژنەکانیان وەک رۆژانی پێش پشوو لە ئەرکدان و کارەکانیان ئەنجام دەدەن.
وتیشی، “لیژنەکان هەر کارێکی نایاسایی ببینن، یان کارە ئاساییەکانی لیژنەکە کە ئەرکیانە لە رۆژانی پشوودا ئەنجامی دەدەن و بەدواداچوون بۆ سکاڵای هاوڵاتیان دەکەن”.
پلانی شارەوانیی سلێمانی بۆ ساڵی نوێ چی دەبێت؟ ئەوە پرسیارێک بوو 964 لە وتەبێژی شارەوانییەکەی کرد، ئەویش لە وەڵامدا وتی، “سکاڵایەکی زۆرمان لە لایەن هاوڵاتیان و شۆفێرانەوە بۆ دێت کە شەقام شۆستەکان زیادەڕۆییان زۆر کراوەتەسەر و تەسک کراونەتەوە و شتیان لەسەر داندراوە، هەوڵ دەدەین ئەو زیادەڕۆییانە نەهێڵین”.