بەشی شەبەکەی وێستگەی کارەبای دەربەندیخان کە لافاوی تێچووە. فۆتۆ: قایمقامیەتی دەربەندیخان.
راگری بۆ دروست دەکەن
وێستگەی کارەبای دەربەندیخان مەترسی لەسەر نەما
964+
توانا نەقی
دوای ئەوەی ئاوی باراناو چووە ناو شەبەکەی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای دەربەندیخان و بەشێک لە کێبڵەکان و ئامێرەکانی گواستنەوەی کارەبا ژێر ئاوکەوتن، دەستکرا بە چارەسەرکردنی .
بە قسەی ئیدارەی شارەکە لە ئێستادا مەترسی لەسەر وێستگەکە نەماوە و لە کاتێکدا زۆری نەمابوو ئەگەر رێژەیەکی زیاتر ئاوی تێبچوایە تەواوی گەرمیان بێ کارەبا دەبوون.
سلێمان محەمەد قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، لە ئەمڕۆوە دەستدەکرێت بە دروستکردنی راگرێک بۆ وێستگەی کارەبا لە بەردەمیدا بۆ ئەوەی چیتر ئاوی تێنەچێت.
وتیشی، کێشەکانی دیکەی چارەسەر کراون و ئێستا وێستگەی دابەشکردنی کارەبای دەربەندیخان مەترسی لەسەر نەماوە.
وێستگەی کارەبای دەربەندیخان سێ بزوێنەری هەیە کە بە هێزی ئاو دەسووڕێنەوە و هەریەکە و لە توانایدایە 83 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنێت.
سەبارەت بە بڕی پێدانی کارەبای قەزاکە قایمقام ئاماژەی بەوەکرد، وەک خاوەی بەرهەمهێنان دەبێت تایبەتمەندی بدرێت بە دەربەندیخان لە رووی زیادکردنی کارەباوە کەچی حاڵیان زۆر خراپە و کارەباکەیان وەک پێویست نییە.